خوێندکارێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “خەبات وەیسی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە تێرۆریستییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان، هەڵیانکووتایە سەر ئاوایی “گوڵچێر” و بەبێ هیچ بەڵگەیەک، “خەبات وەیسی” تەمەن ٢٤ ساڵیان کە خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزییە، دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خەبات وەیسی کە خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی “پەیامی نووری” شاری مەریوانە دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعات سپای ڕێژیمەوە، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لەو شارە گوازراوەتەوە و لە ڕێگەی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە بنەمالەکەی ئاگادار کردووەتەوە.