وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی دوو هاکێری سایبێریی کۆماری ئیسلامی کە ویستوویانە لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی ئەمریکا دەستێوەردان بکەن، ١٠میلیۆن دۆلاری وەکوو دیاری تەرخان کردووە.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، محەممەدحوسێن مووساکازمی و سەجاد کاشیان، لە کۆمپانیای “ئیمەن نێتی پاسارگاد” لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا، هەوڵیانداوە بە دروستکردنی کێشە، متمانەی دەنگدەرانی ئەمریکایی بە ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لەنێو ببەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و هەر لەو پیوەندییەدا ئەمریکا بڕی ١٠ میلیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاری کردووە بۆ هەر لایەنێک ئەگەر زانیاریی لەسەر ئەو دوو کەسەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی پێ بدا.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، “مووساکازمی” لە ڕێگەی دەستپێڕاگەیشتنی ئەکاونت و هەژمارەکانی ئیمەیلی کۆمپانیایەیکی ئینتێرنێتی ئەمریکایی هەوڵی دابوو نامەی هەڕەشە بنێرێ بۆ ئیمەیلی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و بەو شێوەیە ژمارەی دەنگدەرانی ئەمریکایی لە هەڵبژاردنەکاندا کەم بکاتەوە و “کاشیان”ـیش بەڕێوەبەریی سەرەکیی شەبەکەی ئەو کارە تێکدەرانەیەی لە ئەستۆدا بووە و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کڕیبوو، بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن سیستمی دەنگدانی ئەمریکا هاک بکەن و ئەوە هەوڵەش ڕاستەخۆ لە تارانەوە پشتگیری کرابوو.