فێستیڤاڵی ساڵانەی حەوتووی فەرهەنگ و هونەر لە پارێزگای ورمێی کوردستان تەنیا بە بەشداریی ئازەرییەکان بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ فێستیڤاڵی ساڵانەی حەوتووی فەرهەنگ و هونەر لە پارێزگای ورمێی کوردستان کە بۆ ناساندن و پیشاندنی فرەڕەنگیی کولتووریی خەڵکی ئەو پارێزگایە لە هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە و لە ڕۆژانی یەک تا حەوتی ڕێبەندان لە شاری ورمێ بە بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان بەڕێوە دەچێت، لە ئەمساڵدا ئەو فێستیڤاڵە تەنیا لە ئاستی شاری ورمێ و لەلایەن ئازەرییە دەسەڵاتدارەکانەوە بەڕێوە چووە.
بەپێی زانیارییەکان ، ئازەرییە دەسەڵاتدارەکانی پارێزگای ورمێ کە لەلایەن ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندییەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایە دیاری کراون، ڕێگەیان نەداوە کە پێکهاتەکانی تری ئەو پارێزگایە و بە تایبەت نەتەوەی کورد کە زۆرترین ڕێژەی حەشیمەتی ئەو پارێزگایە پێک دەهێنن لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداریی بکەن و لە فێستیڤاڵی ئەمساڵ کە بە شێوازێکی بەرنامەداڕێژراو بەڕێوە چووە، هەوڵ دراوە کە وا پیشان بدرێت کە ئەو پارێزگایە و بە تایبەت شاری ورمێ بەتەواوەتی ئازەرینشینە.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرەی یەکگرتووی کورد، لە بەیاننامەیەکدا ئەو کردارە نەشیاو و پلانداڕێژراوەی بە توندی ئیدانە کردووە.