سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵی: هەڵمەتی لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران لە هەموو بوارەکاندا خەریکی جێبەجێ کرانە و هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زۆربوونی گوشارەکان لەسەر ئێران دەبێتە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی لە تێرۆریزم لە ناوچەکەدا لەدەست بدات.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی رێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هەڵمەتی لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەتی “ناوکیی، ئابووری، سایبێری” بە شێوەی ڕوون و شاراوە خەریکی جێبەجێ کردنە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە مووشەکەکان ڕەنگە لە بەیرووت و غەززەوە ڕەوانە بکرێ بەڵام بڕیارەکە لە تارانە و هەرچی تاران لاوازتر بێت، گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەش لاوازتر دەبن و هەرچی سەری “هەشتپێ”کە برسیتر بێت، پێیەکانی هێزی ڕۆیشتنیان تێدا نامێنێ و لە سنوورەکانمان دژبەرانێکی لاوازترمان دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرەڕای هۆشداری بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەڵێ: لاچوونی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران بە مانای هێرشی مووشەکی و سایبێری زیاتر و چالاکیی زیاتری گرووپە تێرۆریستەکانە بەدژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
جێگای ئاماژەیە کە ئیسرائیل بەردەوام دووپاتی کردۆتەوە کە لە ئەگەری هەر جۆرە ڕێککەوتنیک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ئیسرائیل پێبەند نابێ بە هیچ ڕێککەوتنێک و بەردەوام ئامادەیە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هێرش بکاتە سەر دژبەرانی وڵاتەکەی بە تایبەتی ڕێژیمی ئێران.