گرووپی تاڵیبان پاش بە دەسەڵات گەیشتنیان لە ئەفغانستان، سەرەڕای پێشێلکردنی مافی ژنان بە هەموو شێوازێک، لە ئێستادا بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی دەنگی ژنانی لە ڕاگەیاندنەکان دەرکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ئاریانا نیوز، گرووپی تاڵیبان، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو کەس لە هەواڵنێرە ژنەکانی ئەو کاناڵەی بە ناوەکانی” وارس حەسرەت و ئەسلەم حێجاب” دەسبەسەر کردووە و لە پارێزگاکانی هرات، قەندەهار و خۆست بە دەیان ڕۆژنامەنووس و بەرپرسانی ڕاگەیاندنەکانیان بانگی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیتلاعات کردووە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە دەنگی ژنان نەک وەکوو پێشکەشکار و میوانی بەرنامەکان و تەنانەت بە تەلەفۆنیش نابێ بڵاو بکرێتەوە.
تاڵیبان هەروەها ڕایگەیاندوو کە لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی، ئاهەنگ، درامای بیانی، هەواڵ بەدژی حکومەت، بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و ئەو شتانەی کە دژایەتییان لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلامدا هەبێ، ڕاگەیاندنەکان بە توندی سزا دەدرێن.
هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بڕیارە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێک بۆ شۆرای ئاسایش بنێرێ و لەو ڕاپۆرتەدا تیشک بخاتەسەر بارودۆخی نالەبار و مەترسیداری داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان.
ئانتۆنیۆ گوتێرێز، سەرەڕای هۆشداری بە کۆمەڵگەی جیهانیی، دەڵێ: داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و کارمەندانی ڕاگەیاندنەکانی ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە ڕووبەڕووی هێرش، هەڕەشە، دەسبەسەرکران و کوشتن بوونەتەوە.