سەعید جەلیلی، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە نامەیەکی ٢٠٠ لاپەڕەییدا بۆ خامنەیی سەرەڕای داوای هاتنەدەرەوەی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجام، دەڵێ: دەبێ ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بگەیێنینە لەسەتا٩٠.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرق کە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووی شۆرای باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ڕێژیمی ئێران و ئەندامی ئێستای کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، لە نامەیەکی ٢٠٠ لاپەڕەییدا بۆ خامنەیی سەرەڕای ئاماژە بە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی ڤییەن لەگەڵ ئەمریکا داوای هاتنەدەرەوەی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجام دەکا و دەڵێ: ئێمە دەبێ ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ڕێژەی لەسەتا ٩٠ بەرز بکەینەوە و ئەوکات ڕاستەوخۆ بە هێزێکی زۆرترەوە لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەین.
جەلیلی لە نامەکەیدا دەڵێ: پاش ئەویکە ئێمە لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتینەدەرەوە، وڵاتانی ئۆرووپایی پەروەندەی ناوکیی ئێران بە کاراکردنەوەی مێکانیزمی پەلاپیتکە دەبەنە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەو قۆناغەدا چین و ڕووسیە بە مافی ڤێتۆی خۆیان، پشتیوانی لە ئێران دەکەن و ئەوکات ئێران بەهێزێکی زیاترەوە دەکەوێتە وتووێژ و وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا ناچار دەبن داواکارییەکانی ئێمە قەبووڵ بکەن.