گەورەترین مانۆڕی دەریاییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن هێزی دەریاییی ئەمریکاوە بە کەڵکوەرگرتن لە هۆشی دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بەحرەین دەستی پێکرد.
براد کۆپێر، فەرماندەی هێزی دەریاییی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاگەیاندراوێکدا وتی: گەورەترین مانۆڕی دەریاییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداریی ٦٠ وڵات و ٩هەزار سەرباز و ٥٠ کەشتی لە بەحرین و بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستی پێکردووە.
فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم مانۆڕە، بەهێزکردنی فەرماندەیی، ڕێبەریکردنی هێرشە دەریایییەکان، پاراستنی ئاسایشی دەریایی و چۆنیەتی ڕووبەووبوونەوە لەگەڵ “مین”ه دەریایییەکانە.
لە درێژەدا براد کۆپێر، فەرماندەی هێزی دەریاییی ئەمریکا، بە ئاماژە بە بەشداریی ٦٠ وڵات لەو مانۆڕە گەورەیە وتی: ئەو بەشدارییە زۆرە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئیرادەیەکی هاوبەشی جیهانیی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێونەتەوەیی لە ئارادایە.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە ئاماژە بە مانۆرە دەریایییەکەی کەندوا و زۆرتربوونی مەترسیی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە ڕایگەیاند کە ئەمریکا هاوکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران پەرە پێدەدا.
جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا شەوی سێشەممە، سەرەڕای ئاماژە بە هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە وتی: بێ هۆکار نییە کە مانۆڕە گەورە دەریایییەکەی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداودا بەڕێوە دەچێ.