دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم به پاساو و بیانووی پڕوپووچ هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان دەدەن.
بەپێی ئەو هەواڵ و بەڵگانەی بە “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”(چاونیوز) گەیشتوون، دوای ئەوەیکە مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران بۆ چەندەمین جار و بەشێوەیەکی مەدەنییانە ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ڕەوشی خوێندن لە قوتابخانەکان (بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی، هاوشێوەسازی خانەنشینکراوەکان، هەڵاواردنی سیستماتیک، خوێندنی بەخۆرایی و هەروەها مافی خوێندن بە زمانیی دایک) دەربڕیوە، ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی گەشەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە هەوڵی گرتن، سەرکوت، بەلاڕێدا بردن و چەواشەی داخوازییە ڕەواکانیان دەدەن.
لەم بارەیەوە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە دامەزراوەیەکی حکومەتی لە شاری سنە بە “چاونیوز”ـی ڕاگەیاندووە: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە مەبەستی هەڕەشەکردن له مامۆستایان و دەسبەسەرکردنی مامۆستا دیار و بەرچاوەکان و سەرکوتی زیاتری ئەم ڕەوتە مەدەنییە، هەوڵی ئەوە دەدەن کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکان کە بەرهەمی ٤٣ ساڵ هەڵاواردن و بەڕێوەبردنی پڕ لە هەڵە و سەقەتی کاربەدەستانی ڕێژیمە، بە پڕۆژە و دەستکردی حیزبە سیاسییەکان ناوزەد بکەن و بەم پاساو و بیانووە پەلاماری مامۆستایان و بدەن و ناڕەزایەتییەکان بە توندترین شێوە سەرکوت بکەن.
لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری پەروەردەی ڕێژیم، وێڕای هەندێک ماڵپەڕ و بڵاوکراوەی سەر بە دامەزراوە نیزامی و ئیتلاعاتییەکان، لەسەر ئەساسی ئیدیعای ناڕاست و بێبنەما لە بڕی ئەوەیکە ئەو داوا ڕەوایانە جێبەجێ بکەن، تەواوی هەوڵەکەیان ئەوەیە کە سەربەخۆیی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و داخوازییە ڕەواکانیان بخەنە ژێر پرسیار و وا نیشان دەدەن کە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە پشت وەڕێخستنی ناڕەزایەتییەکانەوەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ویست و داخوازیی مامۆستایان و رێکخەریی ئەسڵیی ئەم ناڕەزایەتییانە کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێران و کوردستانن.
بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە ئەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بانگەشەی بۆ دەکەن جیا لە بیانوو و پاساوهێنانەوە بۆ هێرش بۆسەر مامۆستایانی ناڕازی و سەرکوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکەیان کە بێگومان پشتیوانیی سەرجەم خەڵکی ئێران و کوردستان و هەر هێزێکی ئازادیخواز و مافویستی لە پشته، ناتوانێ هیچ شتێکی دیکە بێت.