پاش ئەوەی کە دەفتەری بەرپرسی پەرلەمانی عێراق کۆتاییی چاوپێکەوتنەکانی موقتەدا سەدر، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد ئەلحەبووسی لەهەمبەر پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە عێراق ڕاگەیاند، موقتەدا سەدر جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە ئێمە پێبەندین بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی زۆرینەی نیشتمانی.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ڕۆژی دووشەممە ١١ی رێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر سەرەڕای ئاماژە بە شکستی گرووپە میلیشیاکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هێرش کردنە سەر ماڵی محەممەد ئەلحەبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای کرد کە گرووپە میلیشیاکان توندوتیژی بەدژی هاوپەیمانەکانیان و خەڵکی عێراق ڕابوەستێنێ.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە پێبەندین بە پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی و پێشوازیش لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە زانیارییەکانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە هەواڵی شکستی سەردانەکەی ئیسمائیل قائانی، فەرماندەی سپای تێرۆریستیی قودسی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ ئاشتکردنەوەی گرووپە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقیان پشتڕاست کردەوە.