شانشینی عەرەبیی سعوودی، فەرانسە و بریتانیا، هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر ناوچەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییان بە توندی مەحکووم کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی سعوودی “واس”، شانشینی سعوودی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەوڵ و هەنگاوە تێکدەرانەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی کەنداو، دەوەستێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودی لەسەر پشتیوانیی “ڕیاز” لە “ئەبووزەبی” و مانەوەی سعوودی لەگەڵ ئیمارات لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە هەڕەشەیەک بەدژی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە جەختی کردەوە و پشتیوانی لە هەموو هەنگاوەکانی ئیمارات بۆ بەرگری لە سەقامگیریی خۆی و ئاسایشی هاووڵاتییان و دانیشتووانی ئەو وڵاتە دووپات کردەوە و بە تەواوی ئامادەیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی دەربڕی.
هاوکات فەرانسە و بریتانیاش، هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر ناوچەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییان بە توندی مەحکووم کرد.