وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و قەیرانی ڕووسیە و ئۆکڕاین، لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا وتووێژیان کرد.
ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەکردن بە وتووێژ لەگەڵ “یائیر لاپید” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە تویتێر نووسی: پێوەندیی دوو لایەنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە هاوبەش بۆ نموونە بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و قەیرانی ڕووسیە و ئۆکڕاین، لە ئێستادا گرینگترین کاری هاوبەشمانە و بە تایبەت دەبێ بە هەموو شێوەیەک بەرپەرچی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە.
هەروەها ناوبراو لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین چاوپێکەوتنی کرد و لەو بارەیەوە نووسی: لەبارەی پتەوکردنی پێوەندیی ئەمریکا و فەلەستین و هەڵسوکەوتی یەکسان لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە و ئیسرائیل، باسی ئازادی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی کراوە و پێشتریش یائیر لاپید، لە یەکەمین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ حوسێن ئەلشێخ، سەرۆکی کاروباری مەدەنی لە خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین چاوپێکەوتنی کردبوو.