وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران تەنیا چەند حەوتوویەک دەرفەت ماوە و ئەمریکا لە ئەگەری بەئاکام نەگەیشتنی دانوستانەکانی ڤییەن، گوشارەکانی بۆسەر ڕێژیمی ئێران زۆرتر دەکا.
ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ئاماژەکردن بە خێرایی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، دەرفەت بۆ ڕێککەوتنی بە چەند حەوتوویەکی ناوبرد و وتی: لە ئەگەری ئەوە کە دانوستانەکانی ڤییەن بە ئاکام نەگەن، ئەمریکا دەبێ بە ئاراستەی زۆرترکردنی گوشارە ئابووری و دیپلۆماتیکییەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاو بنێ.
نێد پرایس، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیدا، لەبارەی دۆخی بەندکراوانی ئەمریکایی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێرانیش وتی: ئازادیی هاووڵاتییانی ئەمریکایی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی، سەرەکیترین بابەتی دانوستانەکانی “ڤییەن”ـە لەگەڵ تاران و پیشتریش وەزیری دەرەوەی بریتانیا هۆشداری دابوو کە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی بووژانەوەی بەرجام، وەکوو پێویست خێرا نەبووە و وتووێژەکان خەریکن دەگەنە بنبەستێکی مەترسیدار.