لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٩ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
لە درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی پیرانشار، بۆکان و سنە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کران.
“خەبات شەکیبا” و “جەبار دووستی” چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە و “یوسف عومەرپوور” خەڵکی گوندی چیانە ی سەر بە شاری پیرانشار و “هێمن حەسەننەژاد” خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە دژەگەلییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە هۆکارێکی نادیار دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
شایانی باسە کە بە دەسبەسەرکردنی ئەو ٤ هاووڵاتییە، ژمارەی کەسانی دەسبەسەرکراو لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کوردستان گەیشتووەتە ١٩ کەس.