ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە ڕایگەیاند کە پاش ئەوەی کە کامێرا چاوەدێرییەکانی دامەزراوەی ناوکیی کەرەج بەهۆی هێرشەکانەوە خەساری بەر کەوتبوو، ئێران لە ئێستادا کارگەی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی لە کەرەجەوە گواستووەتەوە بۆ دامەزراوەیەکی دیکەی ناوکیی لە ئیسفەهان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران، کارگەی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژە پێشکەوتوەکانی لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەجەوە گواستووەتەوە بۆ دامەزراوەیەکی ناوکیی دیکە لە ئیسفەهان.
ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە تا ئێستا لە دامەزراوەی ناوکیی ئیسفەهان بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو دەستی پێنەکردووە و لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە کامێراگەلیکی چاوەدێرییان لەو دامەزراوەیە دامەزراندووە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران بۆ گواستنەوەی دامەزراوە ناوکییەکەی لە کاتێکدایە کە تا چەند مانگی ڕابردوو کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیزنی لێکۆڵینەوەی بە لێکۆڵەرەکانی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج نەدەدا و پاش گوشارە نێونەتەوەییەکان ئاژانس بە ڕەزامەندیی تاران دووبارە کامیرا چاوەدێرییەکانی لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج دامەزراندەوە.