بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ لەبەردەم بەندیخانەی سەراوان، کەسێکی بەلووچ بە ناوی “سادق نەزەری” کوژرا و سەربازێکی بەندیخانەکەش بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەهۆی هەڕەشەی پاسدارێکی ئیتلاعاتی بەندیخانەی سەراوان لە شارۆمەندێکی بەلووچ، تەقە لە کەسێکی بەلووچ بە ناوی” سادق نەزەری” دەکرێ و بەو هۆیەوە ناوبراو گیانی لەدەست دەدا و سەربازێکی ئەو بەندیخانەیەش بریندار دەبێ.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە سادق بە ماتۆڕسیکلێت لە شەقامی بەندیخانەوە تێپەڕیوە کە دوو کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی بەندیخانە و کارمەندانی بەندیخانەی سەراوان بە قسەگەلێکی ناشیرین هەڕەشە لە سادق و خەڵکی بەلووچ دەکەن، پاشان کە سادق دەگەرێتەوە لای ئەو دوو کەسە ئیتلاعاتییە و لەهەمبەر کارەکەیان ناڕەزایەتیی دەردەبڕێ ، هێزەکانی ئیتلاعات جێگیر لە بەندیخانەکە بە چەک هەڕەشە لە ناوبراو دەکەن کە سادق بە چەکی کەمەری تەقە لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم دەکا و دەسبەجێ کەسێکیان بریندار دەکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەندیخانەی سەراوان لە شەقامی ئازادی ڕووبەڕووی بنکەی سپای ڕێژیمە و لە کاتی تێکهەڵچوونەکەدا سەربازێکی سپا کە نیگابان دەبێ تەقە لە سادق دەکات و بە ٦ فیشەک ناوبراو دەکوژێ.