عەلی موتەهێری، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: ڕووسیە دەزانێ کە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران لەلایەن خامنەییەوە دیاری دەکرێ، بۆیە سەرۆککۆماری ئێران بە بەرپرسێکی پلە ٢ دەزانێ.
عەلی موتەهێری، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر سەبارەت بە سەردانەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ڕووسیە و جۆری پێشوازی ڤلادێمیر پوتین لە ڕەئیسی، دەڵێ: ڕووسیە وەکوو بەرپرسێکی پلە ٢ چاو لە سەرۆککۆماری ئێران دەکا و دەزانێ کە سیاسەتەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خامنەیی دیاری دەکات و بۆیه ئەو جۆرەی کە دەبێ پێشوازی لە سەرۆککۆماری وڵاتێک بکرێ پێشوازی لە سەرۆککۆماری ئێران نەکرا.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش سەردانەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ و بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆگەلێک لەو سەردانە و جۆری پێشوازیی پوتین لە ڕەئیسی، چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن ئەو جۆرە پێشوازییە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مۆسکۆ لە سەرەوە بۆ خوارێ چاو لە تاران دەکات.
موتەهێری لە درێژەی تویتەکەیدا دەڵێ: سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە لە ئێراندا تەنیا جێبەجێکارن و “ڕووسیە”ش ئەو ڕاستییە باش دەزانێ و هەر بۆیە بە دوای کەسی بڕیاردەر لە ئێران واتا “خامنەیی”دا دەگەڕێ.