جێنشینی پاشای ئیمارات، وتی: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل ڕوانین و بۆچوونی هاوبەشیان لەبارەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە هەیە و هەر دوو وڵات لە پێوەندی لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیا تێرۆریستییەکان بۆچوونی هاوبەشیان هەیە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕیبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، “محەممەد بن زاید ئالی نەهیان” جێنشینی پاشای ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، لە چاوپێکەوتێکدا لەگەڵ “ئیسحاق هێرتزوگ” سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە ئەبووزەبی، بە ڕاشکاوی وتی کە سەفەری بەرپرسانی پلەبەرزی ئیسرائیل بۆ ئیمارات نیشانەی ئەوەیە کە ئەو دوو وڵاتە پێوەندی باشیان هەیە و پەرە بە پێوەندییەکانیان دەدەن و بوونی ئیرادەی هاوبەشی هەر دوو وڵات بۆ هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەک بە قازانجی هەر دوو وڵاتە و دەبێ بە هاوبەشی ئاسایشی ناوچەکە لە هەڕەشەی تێرۆریستان بپارێزین.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە، پەیمانی ئاشتی دوو لایەن، ڕێککەوتنێکی مێژوویی بوو کە ڕوانگەی ئیمارات بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا نیشان دەدا و دەرفەتێکیشە بۆ بەهێزکردنی پێوەندی ئابووری بە تایبەت لە بەشەکانی تێکنۆلۆژی، تەندروستی، وزە و بوارەکانی دیکە بە تایبەتی کە بە هاوبەشی ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە دەبینەوە و ڕێگە بە دەستێوەردانەکانی تاران نادەین.