گردەلوولێکی تویتیری بە مەبەستی پاڵپشتی لە کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسیی کورد ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندان کاتژمێر ١٠:٣٠ شەو ، بە کاتی ڕۆژهەڵات بە هەشتاگی Kamalsharifi# بەڕێوە دەچێت.
زیندانى سیاسیی کورد کەماڵ شەریفی کە تەمەنى ٤٩ ساڵە و نەخۆشە، لە ساڵى ١٣٨٧ى هەتاوییەوە تا ئێستا بە شێوەى نادادپەروەرانە لە زیندانە و حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و تا ئێستا تەنیا جارێک چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە و بەئەنقەست بێبەش کراوە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەى.
کەماڵ شەریفى لە ساڵى ١٣٩٠ى هەتاوى تووشی جەڵتەى دڵ بووە و کێشەگەلى نەخۆشى دڵ و هەرس و ئازارى جومگەکان و سوانى پووک و لەدەستدانى ددانەکانى هەیە.
ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ڕوو لە خەڵکى ئێران دەکات و دەڵێت بە نامەناردن داوا لە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى بکەن کە کەماڵ شەریفى بە خێرایی ئازاد بکەن، چونکە بە بوونى نەخۆشیگەلى جیددى وەک کۆڤید ـ ١٩ لە زیندان، زیاتر دەکەوێتە بەردەم مەترسى مەرگ یا نەخۆشیی کوشندە.
هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان داواکارن کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری لەو هەڵمەتە لە تویتێر و هەروەها ناردنی نامە بۆ کاربەدەستانی ڕێژیم، پاڵپشتی لە کەماڵ شەریفی بکەن.