لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر بنکە و مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە سەنعا، شەوی ڕابردوو دوو فەرماندەی سەربازیی ئەو گرووپە کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە ١١ی رێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن بەدژی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران لە سەنعا، ساڵح موسفرئەلشاعر، یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سەنعا کوژرا.
هەروەها لە بەیاننامەیەکدا هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سەنعا “هەیسەم عەلی تەباتەبایی” نوێنەری تایبەتی حیزبوڵای لوبنان و نوێنەری خامنەیی لە یەمەن کوژراوە.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زیاتر لە ٥ میلیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ ئەو کەسە دیاری کردبوو کە زانیاری لەسەر شوێنی تێرۆریست “هەیسەم عەلی تەباتەبایی” بدات بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.