لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئیران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی رێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای بەڕێوەچوونی دووهەمین ڕۆژی مانگرتنی مامۆستایان لە شارەکانی ئێران، هاوکات ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی قەزوین، کرماشان، خوڕەماوا، ڕەشت و تەورێز لەبەردەم ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵای ئیسفەهان لەبەردەم بینای ئیداری ئەو سەندووقە لە ئیسفەهان، کۆمەڵێک لە ماڵدزراوانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی شەهرخودڕەو لەبەردەم بینای وەزارەتی بازرگانی و هەروەها کۆمەلێک لە شارۆمەندانی بێکاری خوڕەمشەهر لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ئەو شارە بەڕێوە چوو.
هاوکات مامۆستایان و فەرهەنگیان لە زۆربەی شارەکانی ئێران بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام دەستیاندایە مانگرتن و دەڵێن تا ئەو کاتەی خواست و ویستەکانمان لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتەوە جێبەجی نەبێ، درێژە بە مانگرتنە گشتییەکان دەدەین.