لە کاتێکدا وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، نزیک دەبیتەوە لە قۆناغی کۆتایی، ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو گەیشتەوە واشینگتۆن.
بەپێی ڕاپۆرتی پۆلێتیکۆ، کە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، کۆمەڵیک لە بەرپرسانی ئەمریکایی کە ناڕاستەخۆ لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەشدارن، ڕایانگەیاندووە کە وتووێژەکانی ڤییەن نزیک بووەتەوە لە قۆناغی کۆتایی و هەشتەمین دەوری وتووێژەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئیران لە ئێستادا ڕاوەستاوە و دیپلۆماتەکان بۆ ڕاوێژ و پێدانی ڕاپورتی دەوری هەشتەمی وتووێژەکان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان بە مەبەستی کۆتا بڕیاری سیاسی.
بەرپرسێکی ئەمریکایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، لەم پێوەندییەدا بە پۆلێتیکۆی ڕاگەیاندووە کە؛ وڵاتانی ئورووپایی بە ئاماژە بەو کاتە کەمەی کە لە بەردەستیاندایە، پێویستیان بە ڕێککەوتنیکی خێرایە و دەیانهەوێت وتووێژەکانی ڤییەن بگەن بە ئاکامێکی دڵخواز و لە ئیستادا کاتی ئەوەیە کە وڵاتانی بەشدار لە وتووێژەکانی ڤییەن، گرینگترین بڕیاری سیاسیی خۆیان بدەن.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ڕابردوو ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەل” ئێمانۆئێل ماکرۆن” هاوتا فەرانسەییەکەی بە ئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جیاواز لە لابردنی هەموو گەمارۆکان، دەبێ گارانتی ئەوە بدرێ کە جارێکی دیکە ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە ناکشێتەوە.