٧ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی “سەقز”، “سنە”، “مەریوان” و “پیرانشار” لەماوەی ٢ ڕۆژدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
لە درێژەی ڕەشبگیری و دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “زەمانە زیویە” چالاکی مەدەنی و “میقداد حەسەننەژاد” هونەرمەندی لاو ناسراو بە کاردۆخ خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەریوان هاووڵاتییەک بە ناوی “شەعبان محەممەدی” مامۆستای قوتابخانە و خەڵکی شاری مەریوانیان بەهۆی بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان دەسبەسەر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “موراد مامەڕەش، عەلی عومەرپوور و فەریاد شیلان” خەڵکی پیرانشار لەلایەن سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران.
هەروەها ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان، “ڕێبوار عەبدوڵایی” چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا .