ئەحمەد نادری، نوێنەری مەجلیسی رێژیم، سەرەڕای هۆشداری لەهەمبەر ئەگەری ڕاپەڕینێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە ئێران وتی: کاتێک چاو لە گەڵاڵەی پەسەندکراوی بودجەی ساڵی ١٤٠١ دەکەین، دەبینین کە بەربەست سازکردن لە ڕێگەی خەڵکدا دروست نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی” نشان تجارەت”، ئەحمەد نادری، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژیکدا لەگەڵ ئەو ماڵپەڕە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەگەر بێت و بەربەستەکان لەهەمبەر پەسەندکردنی گەڵاڵەی بودجەی ١٤٠١ لە هێندێک بواردا لانەچێ، ڕووبەڕووی ڕاپەڕینێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە ئێران دەبینەوە.
ناوبراو لە درێژەدا بە نموونەهێنانەوە لەو بەربەستانە، ئاماژە بە کەمکردنەوەی بودجەی بەرەنگاربوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها لابردنی دراوی بیانی دۆلار کە نرخی دەوڵەتییەکەی ٤٢٠٠ تمەن بووە بۆ هاوردەکردنی دەوا و دەرمان لە دەرەوە دەکا و دەڵی: “لەم کارەدا دەوڵەت هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە.”