زیاتر لە ٤٠٠چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە کە بە زووترین کات تەواوی نووسەران و بەندکراوانی سیاسیی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران بە بێ مەرج ئازاد بکرێن.
ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، زیاتر لە ٤٠٠چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخێکی نالەبار کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی “بێکتاش ئابتین” نووسەر و بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوایان کردووە کە بەزووترین کات و بێ هیچ مەرجێک تەواوی بەندکراوانی ئایینی، سیاسی و نووسەران لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران ئازاد بکرێن.
ئەو بەیاننامەیە کە بە واژۆی نووسەران چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئیران بڵاو کراوەتەوە و تێیدا داوای ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی، ئاینی و نووسەران کراوە، هۆکاری گیان لە دەستدانی “بێکتاش ئابتین”ـیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بێبەش کراوە لە مافی پێدانی چارەسەری پزیشکی لە بەندیخانە و جەختیان لەوە کردەوە کە گیان لەدەستدانی ناوبراو درێژەی لە ناوبردنی بیروڕای ئازادە کە لە پێکهاتەی سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دەدرێ.