نرخی نان لە بەلووچستان بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرز بۆتەوە و ئەگەر کەسێک پاڵپشتێکی نەبێ ناتوانێ نان بکڕێ.
بەپێی ڕاپۆرتی “دویچە وێلەی فارسی” ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، عەبدولناسر درەخشان نوێنەری خەڵکی “ئێرانشار” لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران، بە ئاماژە بە هەڵکشانی نرخی نان بۆ ١٠هەزار تمەن و دروستبوونی ڕیزی دوور و درێژ وتی: لە ئێرانشار خەڵک ئەگەر پاڵپشتێکی باشی نەبێ نانی دەست ناکەوێ و دەبێ ناسیاوێکی نزیکی هەبێ تا بتوانێ بەشی ژەمێک نان بکڕێ.
هەروەها ناوبراو بە ئاماژە بە دۆخی بنەڕەتیی خراپی پارێزگای سیستان و بەلووچستان وتی: ڕێگاوبانە سەرەکییەکانی ئەو ناوچەیە لە خراپترین ڕێگەوبانەکانی ئێرانە و گوندەکانی ئەو ناوچەیە تا ئێستاش هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە و هۆکاری گرانبوونی نان لە پارێزگایە ناکارامەیی بەرپرسانی ناوچەیی ڕێژیمی ئێرانە کە تەنیا بەرژەوەندی خۆیان دەبینن و ئاگایان لە بژێوی ژیانی خەڵک نییە.