حەمید جەماڵەەدینی، جێگری حەشیمەتی مانگی سووری ئێران گوتی لە ڕووداوهکانی هاتوچۆ لە پشووی نەورۆزی ئەمساڵدا ٤٠٣ كەس گیانیان لەدەست داوە. ناوبراو باسی مردنی ئەم كەسانەی نەكرد كە لە ڕێگەی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەكاندا گیانیان لەدەست داوە.
جەماڵەدینی هۆكاری نیوهی ڕووداوەكانی هاتوچۆی بۆ وەرگەڕانی ماشێنەكان گەڕاندنەوەو گوتی هۆكاری مرۆیی گرینگترین هۆكاری مردن بوونو ڕۆڵی سەرووی سەدی ٥٠یان گێراوە، بەڵام لەوانەیە هۆكارەكانی دیكەی وەك ستاندارد نەبوونی ماشێنەكانو خراپیی ڕێگەوبانیش بێ كاریگەر نەبووبن.
بە قسەی ناوبراو، ساڵانە لە ئێران ١٦ تا ١٨ هەزار كەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەكان گیانیان لەدەست دەدەن.
پۆلیسی ئێرانیش دەڵێ ماشێنەكانی پراید سەدی ٢٣و ماتۆڕەكان سەدی ٢٠ ی زۆرترین ئاماری ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە ئاستی ئێران دان.
ئامارەكانی پزیشكی قانوونی ئەمە دەردەخەن كە لە پشووی نەورۆزی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە ئێران زیاتر لە ٥٧٠٠ كەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.
ڕووداوەكانی هاتوچۆ پاش نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە، به سێهەمین هۆكاری مردنی خەڵك لە ئێران دادهنرێ.