ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدا و دەڵێ: میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بەردەوامن لە پێشێلکردنی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بەکارهێنانی منداڵان لە بەرەکانی شەڕ.
کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ماوەی ساڵێکدا میلیشیا حووسییەکان زیاتر لە ٢هەزار منداڵیان ناردوەتە بەرەکانی شەڕ و لەشەڕدا گیانیان لە دەستداوە.
لەبەشێکی دیکە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران بە پێکهێنانی کلاسگەلێکی هاوینە لە مزگەوت وقوتابخانەکاندا ڕاهێنانی ئیدئۆلۆژی لەسەر منداڵانی یەمەن دەکەن وهانیان دەدەن بۆ بەشداربوون لە بەرەکانی شەڕ و هاوشێوەی ئێران منداڵان لەو پۆلانەدا فێردەکەن کە درووشمی نەمان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بڵێنەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرەڕای هۆشدار بە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن کە بەڵگەگەلێکمان بەدەستەوەیە کە دەیسەلمێنێ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بەکەڵک وەرگرتن لە قاچاخچیگەلێک لە ئۆرووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەکوچۆڵ هاوردە دەکەن و بەمجۆرە گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشیل دەکەن.