هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە بەبڵاوکردنەوەی یەکەمین بەشی فیلمێکی بەڵگەمەند لە ژێرناوی” ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە ئێران” بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێ کە ڕێبەرانی گرووپی ئەلقاعیدە لە ئێران دەژین و بە تەواوەتی پارێزراون.
ئەم فیلمە بەڵگەمەندە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کاناڵی ئەلعەرەبیە بەشی یەکەمی بڵاو کرایەوە دەیسەلمێنێ کە ڕێژیمی ئێران دەیان ڕێبەر و ئەندامی باڵای گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدەی وەکوو ئەبوو مەسعەب ئەلزەرقاوی، سەیفولعەدل، ئەبووخەیر ئەلمیسری، ئەبوو محەممەد ئەلمیسری و سالح ئەلقورعاوی هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان پاش هەڵاتن لە ئەفغانستان لە ئێران حەشارداوە و دەیانپارێزێ.
لەبەشێک لەو فیلمە بەڵگەمەندەدا چاوپێکەوتنی ئوسامە بێن لادەن، دامەزرێنەری گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدە و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودسی ڕێژیم نمایش کرا و بەپێی ئەو فیلمە بەڵگەمەندە، بێن لادەن و سولەیمانی لەهەمبەر لابردنی کێشە ئایینییەکان و ڕاهێنانی هێزەکانی ئەلقاعیدە بۆ سازکردنی بۆمب لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە وتووێژ کراوە.
ئەو فیلمە بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی کتێبی” شەڕی وەکالەتی ئێران بەدژی ئەمریکا” باس لە چۆنییەتی دەسپێکردنی پێوەندییەکانی نێوان گرووپی ئەلقاعیدە و ڕێژیمی ئێران دەکات و چاوپێکەوتنە شاراوەکان، پێشنیارەکانی ڕێژیمی ئێران بە سیفولعەدل، یەکێک لە فەرماندەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی ئەلقاعیدە و کۆمەڵێکی دیکە لە هێزەکانی ئەو ڕێکخراوە بۆ ڕاهێنان و سازکردنی بۆمب بە یارمەتیی حیزبوڵای لوبنان دەخاتەڕوو.