دوکتور جەعفەر جەعفەری، پزیشکی دەروەست و نیشتمانپەروەری ناوچەی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوکتور جەعفەر جەعفەری، کوڕی سەید بایزید لە بنەماڵەی سەید جامی، پزیشکی دەروەست و کەسایەتیی خۆشناوی شاری مەهاباد و هەروەها خوشکەزای مامۆستا هێمن، بەهۆی نەخۆشییەکی لەناکاو بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵی پڕ لە هیوای لە لێدان کەوت.
دوکتور جەعفەری پێشتر یاریزانی تیمی هەڵبژێردراوی مەهاباد بووە و دواتر بڕوانامەی پزیشکی وەرگرتووە و جگە لە خزمەت بە نەخۆشەکان، لە بواری کاری مرۆییشدا خزمەتێکی بەرچاوی هەبووە.
خوالێخۆشبوو لە کاری تایبەتی خۆیدا واتە پزیشکی هەم لەنێو هاوکارانیدا و هەم لەنێو خەڵکدا خۆشەویست، دڵ ئاواڵە و بە سەبر و لەسەرەخۆ بوو و هاوکات وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، جێگای ڕێزی خەڵک و سەرجەم چین و تۆێژەکانی شاری مەهاباد و ناوچەکە بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچیدوایی پزیشکی دەروەست، دوکتور جەعفەر جەعفەری، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.