دەوری هەشتەمی وتووێژەکانی ڤییەن ڕاگیراوە و بە پێچەوانەی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە کە لەسەر ئەو وتووێژانە گەشبینن، ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی پێیان وایە کە ڕەوەندی وتووێژەکان بە خێراییەکی کەمەوە دەچێت پێش.
سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەوری هەشتەمی وتووێژەکانی ڤییەن لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران دەستی پێکردووە، هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاندووە کە هەنووکە وتووێژەکان ڕاگیراون و تیمەکانی دانوستانکاری وتووێژەکان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان تاکوو هاوئاهەنگی و ڕاوێژی زیاتر وەرگرن و ئاکامی ئەو دەورەش بە بەرپرسانی وڵاتەکانیان ڕابگەیەنن.
سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە لەسەر ئەو وتووێژانە گەشبینن و پێیانوایە ڕەوەندی وتووێژەکان زۆر بە باشی دەڕواتە پێشەوە و چاوەڕوانی ئاکامێکی دڵخوازی خۆیانن، لایەنی بەرانبەر، واتە ئەمریکا و ولاتانی ئورووپایی پێیان وایە کە ڕەوەندی وتووێژەکان زۆر بە خێراییەکی کەمەوە دەچێتە پێش ولەم پێوەندییەشدا ئاگادارییان داوە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.
ئێنڕیکە مۆرا، لەم پێوەندییەدا ڕۆژی هەینی، ٨ی ڕیبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لاپەڕەی تویتێری خۆی ڕایگەیاندووە؛ “بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ پێتەختی وڵاتەکان و ڕاویژ و هاوئاهەنگیی زیاتر وتووێژەکانی ئەم دەورەیەش ڕاگیراوە و لە حەفتەی داهاتوودا دیسان دەستی پێدەکرێتەوە”.