ئەندامێکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی “خدر خزرنەژاد” خەڵکی ناوچەی گەورکی مەهاباد بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک “خدر خزرنەژاد” ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ لەگەڵ حیزبی دێموکرات تێکەڵاو بووە و وەکوو پشتیوانێکی بەهێزی هێزی پیشمەرگە خەبات و تێکۆشانی هەبووە، لە ناوچەی گەورکی مەهاباد بەهۆی هەڵکشانی تەمەنە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵی پڕ لە هیوای لە لێدان کەوت.
مام خدر، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و چالاکانە ئەرکی حیزبیی بەو پەڕی شانازییەوە بەجێدەگەیاند و لە کۆنگرەی ٤ی حیزبیشدا بەشداری کردووە، ناوبراو لە ساڵەکانی خەباتی چەکداری پشتیوانێکی باشی هێزی پێشمەرگە بوو و هەمووکات وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی مام خدر، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی گەورکی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.