ژمارەیەک لە کۆماریخوازەکانی سێنای ئەمریکا لە نامەیەکدا داوایان لە جۆ بایدێن کرد کە گەمارۆکانی بواری نەوتیی بە دژی ڕێژیمی ئێران قورستر بکات و دژکردەوەی هەبێ لەسەر ژمارەی ئەو نەوتهەڵگرانەی کە نەوتی ئێران دەگوازنەوە.
ئەو نامەیە لە لایەن “تام کاتێن” و ٩سێناتۆری دیکەی کۆماریخوازی سێنای ئەمریکا نێردراوە بۆ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و دەڵێن کە خاوەنی کەشتی و کڕیارەکانی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی چین خەریکن ڕیسکی گەورەتر دەکەن لەبەرئەوەی باوەڕیان وایە کە دەوڵەتی بایدێن زۆر لاوازتر لەوەیە کە بتوانێ ئەوانە سزا بدا، بۆیە پیویستە بە زووترین کات گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران قورستر بکرێ و لەسەر ژمارەی نەوتهەڵگرەکانیش دژکردەوەی جیددی هەبێ.
لەو نامەیەدا ڕووبە بایدێن خوازیارن کە سەرۆککۆمار زیاتر گرینگی بەو بابەتە بدا و دەڵێن لاوازیی دەوڵەتی بایدێن کڕیارەکانی نەوتی ئێرانی زیاتر چاونەترس کردووە، هەربۆیە ئەوانیش بێ ترس و دوودڵی بە دژی یاساکانی ئەمریکا گەمارۆکان پێشێل دەکەن و زیادبوونی فرۆشتنی نەوتی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە وا دەکا کە سندووقەکانی ئەو رێژیمە دیسان پڕ بێتەوە و لە ناوچەکە و جیهاندا ببێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدارتر.