میدیاکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرخۆدان و ڕووبەڕووبوونەوەی تێکۆشەرانی ڕۆژاوای کوردستان چەواشە و پڕوپاگەندە بڵاو دەکەنەوە.
لە حەفتەی ڕابردوودا گرووپی تیرۆریستیی داعش کۆمەڵێک هێرشی بەرنامەداڕێژراوی کردە سەر شاری حەسەکە و بەتایبەت گرتووخانەی تایبەت بە تیرۆریستانی داعش لە گەڕەکی “غوێرانـ”ـی ئەو شارە و لەلایەن هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە بەرپەرچ درانەوە و لە ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ ی هەتاوی، لە ٧ـەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی مێژووییی شاری کۆبانێ بەسەر تیرۆریستانی داعش، جارێکی تر کۆتایییان بە پیلانەکەی داعش هێنا و ئەو سەرکەوتنەیان دووپات کردەوە.
لەو ڕۆژانەدا سەرەنجی میدیاکانی جیهان لەسەر هێزەکانی ڕۆژاوایە، میدیاکانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئەو ڕێژیمە جیا لەوەی کە لە ماوەی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان بەردەوام هەوڵی ناڕاست و درۆیان بڵاو دەکردەوە، هەنووکەش لەسەر دووپاتکردنەوەی سەرکەوتنەی کۆبانێ لە شاری حەسەکەی ڕۆژاوای کوردستان بەردەوام پڕوپاگەندە بڵاو و چەواشەکاریی دەکەنەوە و کە سەرەکیترین چەواشەکارییشیان ئەوەیە کە هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان بە هاوکاریی ئەمریکا ناتوانن ئاسایشی خەڵکی ڕۆژاوا بپارێزن.
پڕوپاگەندەی میدیاکانی ئەو ڕێژیمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ژێنڕاڵ “مەزڵووم کۆبانێ”، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات ڕایگەیاندبوو ئەم پیلانەی تیرۆریستانی داعش چەندلایەنی بەهێزی ناوچەیی ونێودەوڵەتی لە پشتە.