سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی حیزبوڵای لوبنان هەموو هەوڵێک دەدات کە بە کۆپیکردنی” ناوچەی سێ سنووری” ئەمریکای باشوور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهەشتێک بۆ قاچاخچیانی ماددە هۆشبەرەکان ساز بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی جێروزالم پۆست کە ڕۆژی هەینی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان دەیانهەوێت باشووری سووریە بکەن بە شوێنێک وەکوو” ناوچەی سێ سنوور” و بەهەشتێک بۆ قاچاخچیانی ماددە هۆشبەرەکان پێک بێنن و بۆ ئەم مەبەستەش قاچاخچییەکان و گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆیان لە سنوورەکانی عێراق، سووریە و ئۆردۆن و لە ناوچەگەلێکی هەستیار وەکوو ئەبووکەماڵ، دێرەزوور، مەیادین، سوەیدا، دەرعا و جەولان بڵاوە پێکردووە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوچەی سێ سنوور، ناوچەیەکە کە وڵاتانی برێزیل، پاراگووە و ئارژانتین پێکەوە دەبەستێتەوە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ئەم ناوچەیە لە کۆنەوە ناوەندی چالاکییە قەدەغەکراوەکانی وەکوو قاچاخی ماددەی هۆشبەر، چەکوچۆڵ، ساختەکاریی پارە و بەڵگەنامە، سپیکردنەوەی پارە و بازرگانی شتومەکی درزراو بووە و لە ئێستادا چەندین ساڵە کە حیزبوڵای لوبنان لەو ناوچەیە چالاکی دەکات.
لەدرێژەی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران دەتوانێ لە ڕێگای قاچاخ و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرەوە پێویستییە ماڵییەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە دابین بکا و لە ڕێگەی میلیشیاکانەوە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ دەنێرێ بۆ حیزبوڵای لوبنان و بە مەبەستی لاوازکردنی وڵاتانی عەرەبیی ماددەی هۆشبەر ڕەوانەی ئە وڵاتانە دەکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئێران بە ئەگەری زۆر لە داهاتوویەکی نزیکدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرێ بۆ گرووپە مافیاکانی و لەڕێگەی میلیشیاکانیەوە ماددەی هۆشبەری دروستکراوی وڵاتەکەی لە باشووری سووریە دابین دەکا و حکوومەتێکی مافیایی ماددەی هۆشبەر لە ڕێگەی باشووری لوبنان بۆ حیزبوڵا لەڕێگەی بەسرەوە بۆ عێراق و لەڕێگەی میلیشیا حووسییەکانەوە بۆ یەمەن ساز بکا و سێ سنوورێک بۆ خۆی و بەهەشتێک بۆ قاچاخچیان و مافییاکانی سەربە ڕێژیمەکەی ساز بکات.