سەرچاوەیەکی ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند کە بە ٦ مووشەک هێرش کراوەتە سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی عێراق، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ٦ مووشەک هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لە ئاکامدا فڕۆکەیەکی مەدەنی و کۆمەڵێک شوێنی فڕۆکەخانەکە زەرەر و زیانی بەرکەوتووە.
هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی” سومریە نیوز” ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی مووشەکبارانی فرۆکەخانی نێودەوڵەتیی بەغدا چەندین فرۆکەی مەدەنیی خەساریان بەرکەوتووە و هەروەها بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش لە ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودس و ئەبوو مێهدی موهەندس، جێگری بەرپرسی حەشدی شەعبی بە دوو فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرش کرابووە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا و گرووپێکی میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێران بەناوی” گوردانی ئەبابیل” بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرتبوو.
پێویستە بگوترێ کە ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە چەندین جار هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی فەرماندەکانیان کردووە و چەندین جاریش بە مووشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووتە سەر بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.