وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکا چەندین کەسی ئێرانیی دانیشتووی بریتانیا و کانادا بە پێشێلکردن و دەورلێدانی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران تۆمەتبار دەکا و دەڵێ: سابیر فەقیهـ، دانیشتووی بریتانیا لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە.
وەزارەتی دادگووستەریی ئەمریکا، شەوی پێنجشەممە لە سەر هەینی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سابیر فەقیهـ خەڵکی ئێران و دانیشتووی وڵاتی بریتانیا لە پلانێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەدر فەقیهـ، دانیشتووی وڵاتی کانادا، ئەلتاف فەقیهـ، دانیشتووی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وعەلیڕەزا تەقەوی، دانیشتووی وڵاتی ئێران لە ساڵی ٩٧ و ٩٨ی هەتاوی، ویستوویانە بە بێ ئیزنی دەفتەری چاوەدێری داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، سیستمی مایکروڤیووی سەنعەتی و سیستمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بگوازنەوە بۆ ئێران و بەو شێوەیە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران بشکێنن.
وەزارەتی دادگووستەری ئەمریکا، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە سابیر فەقیهـ لە دادگای فیدراڵی ئەو وڵاتە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو و بەدر فەقیهـ، هەوڵیانداوە کە دوو سیستمی دژە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کە نرخی یەک میلیۆن دۆلارە بە نوێنەرایەتی عەلیڕەزا تەقەوی بکڕن و هەناردەی ئێرانی بکەن.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای فیدراڵی ئەمریکا، تاوانباران هاوڕێ لەگەڵ عەلیڕەزا تەقەوی، خۆیان وەکوو نوێنەری کۆمپانیایەک بەناوی” ڕایان ڕۆشد” ناساندووە کە ئەو کۆمپانیایە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و لەگەڵ سپای تێرۆریستی ڕێژیم لە پێوەندیدایە.