سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە شوبهاندنی ڕێژیمی ئێران بە “هەشتپێ”یەک کە سەری لە تاران و پاکانی لە دەورووبەری ئیسرائیلن وتی: دەمانهەوێت سەر ئەو “هەشتپێ”یە لە تاران بکەینە ئامانج.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ” جێروزالم پۆست” وتی: وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام بە ئاکام بگات و یان بێ ئاکام کۆتایی پێبێت، ئیسرائیل درێژە بە ستراتیژییەکەی خۆی کە ڕووبەووبوونەوە لەگەڵ دەستێوەردان و سەرڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێرانە دەدات.
بێنێت هەروەها ڕایگەیاند کە ستراتیژی و سیاسەتەکانی ئیسرائیل گرێدراو نییە بە وتووێژەکانەوە و ئەگەر ڕێککەوتن بکرێ یا نەکرێ، ئەوە ئێمە بۆ خۆمان وڵاتی خۆمان دەپارێزین و هیچ جۆرە پێبەندبوونێکمان بە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا نابێ.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەدژایەتیی نیشاندان لەهەمبەر کەمکردنەوەی گەمارۆ ئەمریکایی و نێونەتەوەییەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران وتی: ئێمە لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا لە هەموو بارێکەوە هاوڕا نین، تاران گاڵتە بەهەموو جیهان دەکات و نابێ بەلاچوونی گەمارۆکان بە میلیارد دۆلار بدرێتە دەستی ڕێژێمێکی تێرۆریست.
سەرۆک وزیرانی ئیسرائیل لە درێژەدا بە شوبهاندنی ڕێژیمی ئێران بە “هەشتپێ”یەک کە سەری لە تاران و پاکانی وەکوو حیزبوڵای لوبنان، میلیشیاکانی سووریە، جیهادی ئیسلامی و گرووپی حەماس لە دەورووبەری ئیسرائیلدان وتی: ئێمە لە ڕابردوودا هەڵەمان کردووە وتەنیا خەریکی بڕینەوەی پاکانی ئەو “هەشتپێ”یە بووین لە کاتێکدا کە سەری” هەشتپێ”کە لە تارانە و ئێمە هێرش دەکەینە سەر خودی “هەشتپێ”کە لەتاران و سەری دەبڕینەوە.