کەماڵ شەریفى، زیندانیی سیاسی، دوای ١٤ ساڵ هەروا بێبەشە لە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای ئازادکردنی بەپەلەی ئەم زیندانییە سیاسییە دەکا.
زیندانى سیاسیی کورد کەماڵ شەریفی کە تەمەنى ٤٩ ساڵە و نەخۆشە، لە ساڵى ١٣٨٧ى هەتاوییەوە تا ئێستا بە شێوەى نادادپەروەرانە لە زیندانە و حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و تا ئێستا تەنیا جارێک چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە و بەئەنقەست بێبەش کراوە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەى.
کەماڵ شەریفى لە ساڵى ١٣٩٠ى هەتاوى تووشی جەڵتەى دڵ بووە و کێشەگەلى نەخۆشى دڵ و هەرس و ئازارى جومگەکان و سوانى پووک و لەدەستدانى ددانەکانى هەیە.
ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ڕوو لە خەڵکى ئێران دەکات و دەڵێت بە نامەناردن داوا لە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى بکەن کە کەماڵ شەریفى بە خێرایی ئازاد بکەن، چونکە بە بوونى نەخۆشیگەلى جیددى وەک کۆڤید ـ ١٩ لە زیندان، زیاتر دەکەوێتە بەردەم مەترسى مەرگ یا نەخۆشیی کوشندە.