ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: لە ئەگەری شکستی وتووێژەکانی بەرجام بۆ بژاردەی دیکە ئامادە دەبین.
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندان، “جەیک سالیوان” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە دانیشتنێکی مەجازی لەگەڵ “ئەیال هولاتا” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، سەبارەت بە دانیشتنەکانی بەرجام وتی:” لە ئەگەری شکستی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران کەڵک لە بژاردەی دیکە وەردەگرین”.
وتووێژی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان بە مەبەستی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە بەرجام زیاتر لە مانگێکە لە ڤییەن دەوری هەشتەمی دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و ئاکامی ئەو وتووێژانە بەرە هەستیاربوون دەچێ و تا ئێستا ئاکامێکی ئەوتۆی نەبووە؛ لەو پێوەندییەدا سالیوان جەختی لەسەر ئەوە کردوە کە ئەگەرچی ئەمریکا دیپلۆماسی بە باشترین ڕێگا بۆ دەستپێڕانەگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی دەزانێ، بەڵام بژاردەی دیکەی بۆ ئەگەری شکستی دانوستانەکان ئامادەن.