لە ساڵڕۆژی سەرکەوتنی مێژووییی کۆبانێی ڕۆژاوای کوردستان، هێزەکانی ڕۆژاوا بە تێکشکاندنی هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە حەسەکە جارێکی تر سەرکەوتنیان تۆمار کردەوە.
هەروەک لە هەواڵەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا لە “کوردستان و کورد” هێرشە بەردەوامەکانی تێرۆریستانی گرووپی داعش بۆسەر شاری حەسەکە و بە تایبەت گرتووخانەی تایبەت بە گیراوانی داعش لە گەڕەکی “غوێرانـ”ـی ئەو شارە و بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان ڕوماڵ کراوە؛ لە ڕۆژی چوارشەممەش، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ ی هەتاوی، لە ٧ـەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی مێژووییی شاری کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە، جارێکی تر ئەو سەرکەوتنە دووپات کرایەوە و هێزەکانی ڕۆژاوا لە شەر بەدژی تێرۆریزم مێژووییەکی تریان تۆمار کرد.
لەم پێوەندنییەدا سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ژێنێڕاڵ “مەزڵووم کۆبانێ”، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لە لاپەڕەی تویتێری خۆی بە زمانی عەرەبی ڕایگەیاند: “٧ ساڵ پاش ئازادکردنی کۆبانێ، لە تێکشکاندنی داعش سەرکەوتنمان بەدەست هێنا، ئەمڕۆ هێزەکانمان جارێکی تر سەرکەوتنی مێژووییی کۆبانێیان لە حەسەکە دووپات کردەوە.”
لە دووپاتکردنەوەی ئەو سەرکەوتنە مێژوویییە کە هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆی خۆسەریی ڕۆژاوای کوردستان لەو چەند ڕۆژەدا پێکەوە تۆماریان کردەوە، بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕۆژاوا، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٤ کەس لە هێزەکانی ئاسایش و هەسەدە شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠٠ تێرۆریستی داعش کوژران و ٣٠٠ تێرۆریستی تریان ناچار بە خۆڕادەستکردنەوە بە هێزەکانی ڕۆژاوا بوون.