بەرپرس و سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان، هێرش دەکاتە سەر حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم و ڕەخنەی توندی سەبارەت بە قسەکانی کە وتبووی ئەگەری ئەوە هەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەین، لێ دەگرێ.
حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان، نزیک لە عەلی خامنەیی، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نوووسینێکدا سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێ: کۆمەڵێک لە بەرپرسانی حکومەتی بە تایبەتی حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەهەمبەر ئەگەری وتوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بە گۆترە قسە دەکات و هێندێک لە ماستاوچییە نێوخۆییەکانی ئێرانیش پێشوازیی لە قسەکانی ئەمیرعەبدوڵاهیان و شەمخانی بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەکەن.
شەریعەتمەداری کە پێشتر یەکێک لە ڕەخنەگرانی ڕێککەوتنی ناوکیی بووە سەبارەت بە وتووێژەکان دەڵێ: پێویست ناکات ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەین و بەرپرسانی ئێران بە دووی ئاودا دەگەڕێن، بەڵام دەکەونە نێو گێژاو.
ناوبراو لە درێژەی نووسراوەکەیدا ئەمیرعەبدوڵاهیان و شەمخانی بە دوو کەسی پشتیوانیی وتووێژی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناو دەبا و پاش پشتیوانییەکانی سەرۆککۆماری ڕێژیم لە قسەکانی ئەو دوو کەسە، شەریعەتمەداری هێرش دەکاتە سەر ئاخوند ڕەئیسی و بەمجۆرە دەیهەویت سەرەنجی سپا و حیزبوڵاهییەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.