لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو چالاکی ژن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە و هاووڵاتییەک لە ناوچەی شنۆ دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ هێزە سەرکوتکەرەکانی بەڕیوەبەریی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە دوو چالاکی ژنیان بە ناوەکانی “سۆما شاپەری” و “مەهسا محەممەدی” دەسبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گواستووەتەوە.
سۆما شاپەری و مەهسا محەممەدی ڕۆژانە لەلایەن ئەم ناوەندە سەرکوتکەرەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و شەوانە دەبرێنەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی سنە کە بە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناسراوە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم دوو ژنە، لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە وەکوو باقی حاڵەتەکان کە لە کوردستان تۆمار کراوە، بەبێ پیشاندانی بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر کراون و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشن.
هەروەها هاووڵاتییەک بە ناوی “یوسف ئەمینی” خەڵکی گوندی گورگاوێ سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.