“مەحموود ساڵحی” و “عوسمان ئیسماعیلی”، دوو چالاکی کرێکاری، لەلایەن دادگای شاری سەقزەوە دادگایی کران.
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی “مەحموود ساڵحی” و “عوسمان ئیسماعیلی” خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئەو شارە بە تۆمەتی پڕۆپاگاندا بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادگایی کران.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر”عوسمان ئیسماعیلی” لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقز دەسبەسەر و ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە کرابوو و دواتر ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە گرتنگەکانی شاری سەقز گوازرابوویەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە و لە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کرا و دواتر ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەزەڵوەری١٤٠٠ی هەتاوی بە دانانی ٥٠میلیۆن تمەن بارمتە بەشێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە پێشتر ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دۆسییەکی جیاواز لەلایەن دادگای شاری سەقز بە تۆمەتی پڕۆپاگاندا بەدژی ڕێژیم “عوسمان ئیسماعیلی” سزای ٦ مانگ بەندکران و “مەحموود ساڵحی” سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێدرابوو کە ماوەی سزاکەیان بۆ کرابوو بە پێبژاردن و ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی جۆزەردان لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.