ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی و سیاسەتەکانی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: بەپێی یاسای پەسەندکراوی مەجلیس، هاتنی کارناسان و لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە بۆ لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، قەدەغەیە.
ئەبوولفەزڵ عەموویی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی و سیاسەتەکانی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ئاماژە بەوەی کە هاوکارییەکانی ئاژانس و ئێران تەنیا لە چوارچێوەی قسەدایە، وتی: ئێران پێش لە ڕێککەوتنی ناوکیی، ئیزن بە هیچ لێکۆڵەرێکی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە نادات بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکات.
جێگەی ئاماژەیە کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو بڕیارنامەیە، دەوڵەت بەرپرسیارە کە تا کاتی لاچوونی هەموو گەمارۆکان لەسەر ئێران و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئیزن بە لێکۆڵینەوەی لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە نادات.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی بڕیاری دا کە ئیزن بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بۆ لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران نەدرێت.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی مەجلیسی ڕێژیم لەهەمبەر خێراتربوونی کاتی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: بەرنامەی ناوکیی هێڵی سوورە و بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لاچوونی گەمارۆکان گرینگە و ئەگەر گەمارۆکان لەسەر ئێران لانەچێ، ئێمە پێبەند نابین بە هیچ جۆرە بەڵێنێک.