(باسێک لە کتێبە وەرگێڕدراوەکەی مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەنزادە)
هەر کە ناونیشانی ئەم کتێبە دەبینین، ئاژاوەچی و ئاشتیخواز سەریان لێ دەشێوێ ئاخۆ کێ کەڵک لە شەڕ دەبینێ! خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە بیرکردنەوەیەکی جیاوازتر بۆ سیاسەت و جیهان و دەزگا و سەرۆک و پیاوی ئایینی دەبەخشێ. جەنگ وەک کاردانەوەی مرۆڤەکان ڕواڵەتێکی گشتیی هەیە، بەڵام لە هەناویدا زۆر شتی سەیروسەمەرە بوونیان هەیە کە هەرگیز ئەوانەی لە گۆشەیەکەوە پێیان وایە دەیبینن، هەستیان پێنەکردوە.
سوودەکانی شەڕ، بەم وەرگێڕانە مەزنەی مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەنزادە، حەزێکی زیاتر دەبەخشێتە خوێنەر تا کۆتا لاپەڕە دەستبەرداری نەبێ. خوێندنەوەی پێویستییەکە بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە سیاسەت و نهێنییەکانی تێبگەی.
ڕووی گشتیی ئەم کتێبە زیاتر مامەڵەکردنی سەوداکارانی بازاڕی ڕەشە لە کڕینی چەک بۆ شەڕی ئێران و عێراق، نووسەر (ئاری بن مۆناشێ) خۆی یەکێک بووە لە سەوداکەر و شارەزا و ڕاوێژکارانی نهێنیی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل. لەوەیە سەیربێ کەسێک هەنگاو بە هەنگاو توانیبێتی وەک خزمەتکارێکی وڵاتەکەی، ئەم هەمووە لە چالاکی و کاری پڕسەرکێشی ئەنجام بدا.
جەنگی ئێران و عێراق و ئەو کاولکارییەیی بە دوای خۆیدا هێنا، بە هەزاران بوونە قوربانی و بێسەروشوێن بوون. ئابووریی هەر دوو وڵاتی پەلکێش کرد بۆ کڕینی چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی. ئیسرائیل وەک وڵاتێک کە ناکۆکی و شەڕی بەردەوامی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا (بە ڕواڵەت) هەبوو. عێراق و سەددام حسێن ئەو دێوەزمەیە بوون، وەک مۆتەکەیەک لێیان ئاڵا بوو، چارەی نەدەکرا، تاکە ڕێگەی پەکخستنی عێراق لە لایەن ئیسرائیلەوە، کارتی ئێران بوو، سەوداکەرانی ئێرانی و ئیسرائیلی وەکیلی هەمیشەییان (ئاری بن موناشێ) بوو. سەرەتای پێگەیشتنی ئاری وەک جوولەکەیەک لە ئێرانەوە دەرکەوت و دواتر لە ئیسرائیل گیرسایەوە.
نهێنی و سیخوڕی لێرەوە دەستی پێکرد کاتێک ئێران تامەزرۆی چەک و پێداویستیی شەڕ بوو لە ئیسرائیل، ئیسرائیلیش شوێن بە شوێن و وڵات بە وڵات پێداویستیی شەڕی بۆ ئێران ساغ دەکردەوە و بە دوو قات و سێ قات بە سەرەوە دەیفرۆشتەوە بە ئێران. هێشتا ئێران سوپاسگوزار بوو، ئامادە بوون بۆ هەر بڕە پارەیەک کە ئیسرائیل داوای دەکا.
لە هەمووی ناخۆشتر بۆ ئاخوند و پیاوانی شیعە، ئەو نهێنییانەیە کە ئاری لە بیرەوەرییەکانیدا باسیان دەکا. ئاری لە باسی سەودایەکیدا دەڵێ: لە ئەمستردام لەگەڵ سەید مەهدی کاشانی کۆبووینەوە و شەش کەسی لە وەزارەتی بەرگریی ئێران هێنابوو، یەکێک لەوان خەریکی بیرەخواردنەوە بوو!
ئێران سەرمایەیەکی گەورەی دا بە ئیسرائیل بۆ کڕینی چەکەکان، هەموو ئەو چەکانەی دژی عێراق بەکار هێنا. هەر جۆرێک و هەر چەندێک بێ گرنگ ئەوە بوو سەودایان بکا و بەکاریان بهێنێ. سیاسەتی ئیسرائیل وەک هەمیشە لێزانانە بوو، چەک و ئامڕازیان سیخوڕان و دەزگای مۆساد بوو، لە هەموو سووچ و کونجێکدا کەسانی خۆیان لەوێ جێگیر کردبوو. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ریئەکتۆری ئەتۆمیی عێراق بە یاریدەی ئێران بوو، خاکی ئێرانیان بەکار هێنا بۆ لێدان و خاپوورکردنی ریئەکتۆرە ئەتۆمییەکان، کە عێراقییەکان بە هەستیارترین بوونەیان دەزانی و ببووە فەخری دەسەڵاتیان. بەڵام زۆربەیان لە لایەن ئیسرائیل و دەزگا نهێنییەکەیەوە کرایە ئامانج. ئەم ریئەکتۆرانە لەلایەن فەڕەنساوە لە عێراق دامەزرێندرابوون بۆ پیتاندن، بەڵام عێراق کردی بە ئەتۆم. ئاری بن موناشێ ڕۆڵی کاریگەریی بینی لەو چالاکییە جۆربەجۆرانەدا و سەرمایەیەکی ڕەشی گەورەی لە بازاڕی جیهاندا لە کۆکردنەوەی چەک و سەوداکردن پێیانەوە پەیداکرد بۆ ئیسرائیل. بە جۆرێ ئیسرائیل دەیتوانی بە ئاسانی پارەکانی بازاڕی ڕەش لە بانکەکانی ڕۆژئاواوە بگوازێتەوە بۆ بلۆکی ڕۆژهەڵات، بەهۆی ئەو پەیوەندییەی کە سەرۆکوەزیر (شامیر) لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵاتی هەبوو، ئەمەش نهێنییەکی تری سەوداکردن بوو لەنێوان ئاستێکی بەرزی سیاسی دەرکەوتە بە دژیەک.
پەیوەندییەکی تری ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتی پیرۆ بوو، لە ئامانج و نەخشەی سیاسیی ئیسرائیل وڵاتێکی تەواو ستراتیجی و یەکلاکەرەوە بوو. هەروەها چیلییش وڵاتێکی تری جێ ستراتیجی ئیسرائیل بوو. لە ئەمریکای لاتین، ئاری ڕووبەڕووی زۆر کێشەی مامەڵەکردن دەبێتەوە، مەسەلەی (سەندی نیستاکان) شۆڕشگێڕانی نیکاراگوا کە دژی سامۆزا وەستابوونەوە، بابەتێکی تری کێشەکان بوو، درێژەی نادەمێ.
لە پاش مامەڵەیەکی زۆری ئێران و ئیسرائیل، هەردووک دژ بە عێراق شان بە شان وەستابوونەوە، لە پاش قازانجێکی زۆری ئیسرائیل و زیانێکی زۆری ئێران لە جەنگدا. ئیسرائیل نەیدەویست چیتر چەک بداتە ئێران، چونکە زانیبووی ئێران وردە ئاگربەستی هەیە لەگەڵ عێراقدا. ئەمە هەواڵێکی بێزارکەر بوو بۆ ئیسرائیل و سەوداکەرانی. ئەمریکاش هاوکاریی عێراقی کرد، ئەمەش بووە هۆی بەهێزبوونەوەی. ئەمریکا پشتگیریی چەکی کیمایی لە چیلی دەکرد، ئەو چەکانەش دواتر بەرەو عێراق دەچوون. ئەندازیاری ئەم کارە (کارۆلس کاردۆئین) بوو. ئەم لەگەڵ سەرۆکی ئەندازیارانی ڕێکخراوی کانەکانی شیلی ببووە دۆست و لەمەوە قازانجی بێشوماری کردبوو (لە پڕێ بوو بە کوڕێ). کاردۆئین لە پاش بێئومێدبوونی لە ئیسرائیل و کڕینی چەک لێیان. پاش هەوڵدانی کاردۆئین، توانی مۆڵەتی سەوداگەریی کەرەستەی شەڕ لە ئەفریقای باشوور بە دەست بهێنێ، ئەفریقاش ماوەیەک چەکی بۆ عێراق ناردوە. هەر بەم مۆڵەتنامەیە گەڕایەوە شیلی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و قەرزی لە بانکەکانی شیلی کرد و کاردۆئین بووە مەکینەی ناردنی چەک بۆ سەددام حسێن. ئیسرائیل زۆر بە حەزەرەوە لە کارەکانی کاردۆئینی دەڕوانی و ئاری بن مۆناشێ وەک خۆی باسی دەکا هەوڵی نزیکبوونەوەی داوە و ئیسرائیلی ئاگادارکردۆتەوە لە فراوانیی پڕۆژەکانی. بەمە عێراق ببووە جێی نیگەرانیی زیاتر بۆ ئیسرائیل. کاردۆئین لە ژێر چەتری سی ئای ئەی، کۆمەڵێ دەزگای ئەتۆمیی بەڕێوە دەبرد کە دەیاننارد بۆ عێراق، کاتێک ئەفریقاش ناردنی چەکی بۆ عێراق پەکخست. سەددام لە ڕێگەی زانا ئەڵمانییەکانەوە قەرەبووی کردەوە. ئەمەش تیرۆری زاناکانی لێکەوتەوە کە کاریان دەکرد بۆ عێراق لە بواری ئەتۆمدا، بە زنجیرە و دوابەدوا مۆساد قڕی خستە زانایانی ئەتۆم لە عێراق. وەک ئاری دەڵێ پرسیارە سەیرەکە لێرەدایە، ئەگەر گوشارەکانی ئیسرائیل لە شیلی توند نەبووایە لە پەکخستنی کەرەستەی شەڕ بۆ عێراق کە ئاری خۆی سەرپەرشتیی دەکرد، ئاخۆ ئەو مووشەکە سکادانە کە عێراق لە شەڕی کەنداوی فارس بەکاری هێنان، بیانتوانیایە کڵاوەی قورسی شیمیایی هەڵبگرن چەند هێندە ترسناکتر و مەرگبارتر لەوە دەبوو! بەڵام ئەو زانایانەی کە قەرار بوو کڵاوە شیمیاییەکان بۆ سەددام ئامادە بکەن، پێش تەواوکردنی کارەکە، بەهۆی ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیلەوە (مۆساد) لەنێو بران. یەکێک لەو زانایانە “جیراڵد بوول” بوو کە بەهۆی ئیسرائیلییەکانەوە کوژرا و تەرمەکەی لە مارسی ١٩٩٠دا لە ئاپارتمانەکەی لە شاری برۆکسێل دۆزرایەوە.
ئێرانیش دەیویست لە ڕێگەی کەناڵێکی ترەوە دەست بە کڕینی چەک بکاتەوە. ئێران لە لایەکی ترەوە نیگەرانیی خۆی دووپات کردەوە و بە ئاری ڕادەگەیەنن کە پێویستە ئیسرائیل ڕێگری لە گەیشتنی چەکە شیماییەکان بکا بۆ عێراق، کە بوونە هەڕەشەی جددی. لە وەستانی شەڕی هەر دوو وڵاتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل بە نهێنی ڕێککەوتبوون کە قەدەغەکردنی چەک بۆ ئێران پەسەند بکەن، بەڵام ئەو کارە تا سەر نەبوو. ئێران ئاماژەی دابوو بە نەخشەکانی سەددام حسێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئامانجەکەی عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بوو.
نهێنییەکی تری ئەم کتێبە، پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوی فەڵەستینی و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (شامیر) بوو، هەمووان پێیان وابوو لە نێوان ئەو ڕێکخراوە و شامیردا دوژمنایەتی هەیە. ڕێبەرانی هەر دوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە کلیلی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە نییە کە ئیسرائیل لێوارەی خۆرائاوا و کەرتی غەززە ئازاد بکا، بەڵکوو ئاشتی کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدێ کە ئیسرائیل ڕێگا بدا فەلەستینییەکان لە سەرزەمینی ئۆردۆن، دەوڵەتێکی ئازاد بۆ خۆیان دابمەزرێنن. سەرباری ئەوەی ئەمریکا بڕیاری دابوو، هەتا مەلیک حسێن هەبێ، دەوڵەتی فەڵەستینی نابێ. بەمەش هەر ئەمریکا چارەسەری کێشەی فەلەستینی لە ناو برد.
کورتەی باس و سەیروسەمەرەکانی ئەم بیرەوەرییە بە کۆتا ناگا، کەوتنی سەددام لە خلیج ئاڕاستەی زۆر شتی گۆڕی و سیاسەتی ناوچەکە بە بێ سەقامگیری مایەوە. ئەوەی لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا مرۆڤ سەرسام دەکا، ڕەنگە هەموو ئەو پارە زەبەلاح و مرۆڤونکردن و بێنە و بەرەیە نەبێ. ئەوەی سەیرە، ئاری بن مۆناشێ کە دەبوو ئیسرائیل لە پاشەڕۆژی خۆیدا بیکردایە بە ڕەمزی سەرکەوتنی کارە نهێنییەکانی و بۆ هەتایە شانازیی پێوە بکردایە. بەڵام لە هەمووی غەریبتر، کاتێ ئاری لە ئەمریکایە بە سەردانێکی کورت، دەستگیر دەکرێ بەهۆی فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی بە نهێنی. ئیسرائیل حاشای ناسینی لێدەکا و وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی کە وەرگێڕی زمانی فارسی بووە دەیناسێنی و لە دادگای ئەمریکا پشتگیریی ناکا و بگرە بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستێتەوە و دەستکاری پێشینەی ژیانی دەکا و هەموو ئەو کارە گەورانەی کە بۆ ئیسرائیل ئەنجامی داوە بە قسەی ناڕاستی دەزانێ. لەو جیهانە گەورەیە کە لە ڕۆژێکدا ئاری دەیتوانی لە ڕۆژهەڵاتەوە بگاتە ڕۆژئاوا و هەر کوێی پێخۆش بێ بۆ سەردان و مامەڵە بچێ، لە کۆتاییدا ئاری بێکەس دەمێنێتەوە و تەنانەت هاوسەری خۆیشی حاشای لێدەکا و ئامادە نییە پارێزەرێکی بۆ بگرێ و هیچ ئیسرائیلییەک بە هانایەوە ناچێ. وەک خۆی دەڵێ: بۆ من وەک ڕۆژی ڕووناک بوو کە ئیسرائیل دەبێ بە قەد ئەمریکا بۆ گرتنی من سەرکۆنە بکرێ.
بە هەرحاڵ، ئاری هەرچۆنێ بێ لە مەحکەمە بە سەلماندنی هەندێ نامە و شاهیدیی چەند کەسێ بە ناچاری لە ساڵی ١٩٩٠دا ئازاد کرا. ئەوەی زۆر بە ڕوونی لەو کۆتاییەدا گەڵاڵە دەبێ، ئەوەیە ئەمریکا هەرکات و هەر کێی بوێ، دەتوانێ چارەسەری بکا و سەبەبی هەموو ئەو جەنگ و مامەڵانە خودی ئەمریکایە، لە هەر دوو لا دەخوات و خۆیشی لە ئاو نادات. ئەمە قسەیەکی ناو خەڵکی ئاسایی ڕۆژهەڵاتییەکانە کە دەڵێن هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانی بەرەو ڕوومان دەبێتەوە ئەمریکایە. زۆر ئاساییە هاتنی داعش بۆ عێراق و تەنانەت تەفروتوناکردنیشی هەر کاری ئەمریکا خۆی بێ، لێکدانەوە و دەربڕینێکی سادەیە، بەڵام بە خوێندنەوەی سوودەکانی شەڕ دەردەکەوێ ئەمریکا چی دەکا و چی دەوێ. دەردەکەوێ بەڵێ بەڕاستی بۆ کەسێک کە بیەوێ، شەڕ سوودی زۆرە، بەڵام شەڕێک عەقڵ مەرجەعی بێ و لوولەی تفەنگ لەسەر کەللەسەری خۆت نەبێ.