هەڵبەستوانی کورد عەلی ئەشرەفی نەوبەتی ناسراو بە “پەرتەو کرماشانی” لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی لە گەڕەکی بەرزەدەماخی شاری کرماشان لەدایک بوو. ئەو سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە شاری کرماشان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
پەرتەو شاعیرێکی زۆر ناسراوە لە کرماشان و تەنانەت لە دەرەوەی کرماشانیش. ئەو شاعیری شێعری غەزەلە و بە هەردووک زمانی کوردی و فارسی شێعری نووسیوە. ئەوڕۆ کەم کەس هەیە لە کرماشان و کوردستان لە گەڵ غەزەلە کوردییەکانی پەرتەو ئاشنا نەبێ، بە تایبەت شێعری “ئەرمەنی” وەک دیارترین هەڵبەستی کوردیی ئەم شاعیرە بۆ زۆر کەس ئاشنایە. غەزەلە کوردییەکانی پەرتەو سەرنجی زۆرێک لە خوێنەران و ڕەخنەگرانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
پەرتەو لە تەمەنی شانزە ساڵیدا دەستی کردووە بە هۆنینەوەی هەڵبەست. بۆ یەکەمین جار کۆمەڵە هەڵبەستی پەرتەو لە ژێر ناوی”کوچە باغیها” بە زمانەکانی فارسی و کوردی لە لایەن دوکتۆر محەممەدعەلی سولتانییەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. شێعرە کوردییەکانی ئەم شاعیرە زۆر کەمن، بەڵام زۆرترین لایەنگریان هەیە.
جوانیی شێعر و هەست و خەیاڵی ناسکی پەرتەو، زمانی کوردیی لە کرماشان خۆشەویستتر کردوە. شێعری پەرتەو هەڵگری خەمی مرۆڤە لە کۆمەڵگەی خۆی. ئەو بە زمانی سادە دەینووسی، بەڵام بە شێوازێکی زۆر هونەرمەندانە و پڕ لە تەکنیکی شێعری باسی لە خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگە دەکرد. مرۆڤ کە غەزەلەکانی پەرتەو دەخوێنێتەوە، هەموو تایبەتمەندییەکانی شاعیرێکی سەرکەوتوو و خاوەن هەست و زەوق لە ئەودا بەدی دەکا. شێعرەکانی پەیوەندیی ڕۆحی و مەعنەوی لەگەڵ خوێنەر دروست دەکەن و ئارامی دەبەخشنە دڵی پڕ لە ژانی کۆمەڵگە. شێعری پەرتەو بەو ئەندازەیەی کۆمەڵایەتییە، ئەوەندەش پڕە لە پەیام و هەڵوێستی بەرزی ئینسانی. لە شێعرەکانیدا خەم و شادی بەدی دەکرێ. ئەو جوانی و سادەییی ژیانی خەڵک بە سەرچاوەی سووژە و هەوێنی شێعرەکانی خۆی دەزانی و بەبێ خۆهەڵکێشان، خۆ دەرخستن و منەت بەسەر کەسەوە کردن، کەشکۆڵی شێعرەکانی دەخستە خزمەتی کۆمەڵگە. چەکی دەستی ئەو، چرای جوانی شێعر بوو، و تەنیا لە ڕێگای کاریگەریی شێعرەکانیەوە توانیی جێگای شیاوی خۆی لە نێو دڵی کۆمەڵگەدا بکاتەوە.
پەرتەو لە دوای “شامی کرماشانی” نەیهێشت چرای جوان و ڕەنگینی زمانی کوردی لە کرماشان خامۆش بێت. شێعرەکانی وەک شەم لە تاریکیدا هەڵکران و کۆڕی عاشقانی ئەدەب و زمانی کوردییان ڕووناک کردەوە. ئەویندارانی شێعری کوردی بە غەزەلە کوردییەکانی پەرتەو سەرمەست دەبن. کێ هەیە شێعری “ئەرمەنی” بخوێنێتەوە و لە شەوقی جوانیی ئەم غەزەلە ناوازەیەدا، بە خەیاڵ وێڵ و ئاوارەی کۆڵان و گەڕەکەکانی کرماشان نەبێت. پەرتەو لەم شێعرەیدا پەنا دەباتە بەر بادە و سەرمەستانە لە ئەرمەنییەکەی خۆی دەگەڕێ و دەڵێ:
“ئاوارەگەی بیچارەگەی بێ خانمانم ئەرمەنی
ماڵد نیەزانم ها لە کوو، ڕوح و ڕەوانم ئەرمەنی
ترسم وەگەردم تا نەکەی، بوشی بچوو، دەر وا نەکەی
ئەمجا م دی دێوانەگەی ئاگر وەگیانم ئەرمەنی”
گرنگیی شێعری ئەرمەنی بەدەر لە ڕەوانبێژی و جوانییەکەی لەوە دایە کە شاعیر دەچێتە بەر ماڵی ئەرمەنییەک و داوای مەی لێ دەکات، بەڵام لە بەر ئەوەی لە ڕەوشی ئێستای وڵاتدا مەی حەرامە و بە ئازادی ناخورێتەوە، پەرتەو بە دزییەوە داوای مەی لە ئەرمەنی دەکا و قەوڵیشی پێ دەدات ناوی ئاشکرا نەکات و دەڵێ:
“ ئەر یەی کەسی لە دوشمنی پرسی شەراو لە کوو سەنی
وە گیان هەرچی کافرە ئویشم نیەزانم ئەرمەنی”
پەرتەو دەیەوێ ئەرمەنی دەرگای لێ بکاتەوە و بەو ئاخر شەوە بە مەی، خەمی دڵی خۆی بە با بدات، بۆیە لە کۆڵی نابێتەوە و پێی دەڵێ:
“دەر واکە زویتر پەرتەوە، مێمانەگەی ئاخر شەوە
یەی شیشە لەو بەدمەسەوە پڕکە بزانم ئەرمەنی”
پەرتەو شاری خۆی، کرماشانی خۆش دەوێ و نایەوێ بەجێی بێڵێت. شێعری ئەو لە بەرزیی بێستۆن سەر دەردێنێ و خۆی لە ئاوێنەی سەراونیلۆفەڕ هەڵدەکێشی.
شاعیر لە یەکێک لە غەزەلەکانیدا خۆشەویستیی خۆی بۆ شارەکەی کرماشان نیشان دەدا و دەڵێ:
“شار کرماشان دیار عشقە خاپووری نەکەین
خەڕگ کوورە بنیشم، خاک و ئاوم هەریەسە”
یان لە شوێنێکی دیکەی شێعرەکەیدا دەڵێ:
“ڕووژ تا شەو کاروبارم شین و شیوەن کردنە
تاقوەسانم هەریەسە باخ سەراوم هەریەسە”
پەرتەو لە ژیانی شاعیریی خۆیدا، لە ئاست دیاردە و ڕووداوەکانی کۆمەڵگەکەی بێدەنگ نەبووە و زۆر جار هەڵوێستی نواندوە. ئەو لە بەرانبەر ئەوانەی کە ڕێگری لە وتەی حەق دەکەن و ئازادی لە مرۆڤەکان بەربەست دەکەن دێتە دەنگ و دەڵێ:
“هەم پەڕو باڵم بەسانە هەم دەمم دوراننە
تا م بووم و حەرف هەق نەوشم جواوم هەریەسە”
پەرتەو، بەو جۆرەی لە شێعرەکانیدا دیارە، شاعیرێکە خوازیاری عەداڵەتە و ناخوازێ مافی مرۆڤەکان پێشێل بکرێ، هەر بۆیە دەڵێ:
“پەرتەو ئەر ئاوارەم و باوان خەراو و دەروەدەر
ئیوشم ئی زوڵمە نەمینید، ناحساوم هەر یەسە”
خەم و دەردی دووریی کوردەکان لە یەکتر، وردیلە گەراکانی ناخی ئەم شاعیرە دەهەژێنێ و بە شێعر خۆشەویستیی خۆی بۆ هاووڵاتی و هاوزمانانی لە شار و دەڤەرەکانی کوردستان نیشان دەدات و ئاوات دەخوازێ گەلەکەی یەکگرتوو بێ و مەشخەڵی سەرکەوتن لە سەر چیا سەربەرزەکانی کوردستان بۆ یەکتر هەڵبکەن.
وەک ئەوەی کە دەڵێ:
“من کرماشانی و تو کورد بانە
لە یەک دور و دوری دەردمانە
من لە بان پەڕاو، تو لە ئاڕبابا
ئەڕای یەک ئاگری واکەیم شەوانە”
شێعری پەرتەو کرماشانی ڕەنگە لە ڕووی ڕواڵەتییەوە سادە و ئاسان بێتە پێش چاو، بەڵام ئەگەر بەباشی لە نێوەڕۆکی شێعرەکانی ورد بینەوە، دەبینین خاوەنی پەیامی بەرزن. شێعرەکانی پڕن لە وشیاریی کۆمەڵایەتی و مافخوازی. پەرتەو لە کاتێکدا بڕیار دەدا بە زمانی دایکیی خۆی شێعر بنووسێ، کە لە کرماشان سیاسەتی ئاسیمیلەکردنی زوانی کوردی پەرە دەستێنێ، بەڵام کاریگەریی شێعرە کوردییەکانی ئەم شاعیرە بە ڕادەیەک بوو کە جارێکی دیکە زمانی کوردیی لای خەڵکی شارەکەی خۆشەویست کرد. ئەگەر ئەوڕۆ لە کرماشان و ئیلام پڕۆسەی ئەدەبی بە زمانی کوردی دەستی پێ کردوە، بێگومان ڕۆڵ و کاریگەریی پەرتەو لەم مەیدانەدا دیارە. ئەگەر شێعرەکانی پەرتەو ئەوەندە کاریگەر نەبان، بێگومان ڕۆژێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتنی ساڵانە لەم شاعیرە مەزنەی کورد دیاری نەدەکرا.
خۆشەویستیی پەرتەو لە نێو کۆمەڵگەی خۆی، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسایەتیی ئەم شاعیرە لە پێوەندی لە گەڵ زمانی دایکیی خۆی، زمانێک کە ساڵانێکە هەوڵ بۆ تواندنەوەی دەدرێ.
سەرچاوە:
-ئەدەبیاتی کلاسیک و هاوچەرخی کرماشان و ئیلام – سارۆ خوسرەوی
-دەلاقە، دەروەچەوی باران، زمان و ئەدەبی کوردی لە کرماشان و ئیلام – شەریف فەلاح
– کوچە باغیها- پەڕتەو کرماشانی