لە کاتێکدا خەڵکی ئەفغانستان لەگەڵ برسییەتی و هەژاری بەرەوڕوون، حکومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی تاڵیبان دە یەک و زەکات لە خەڵک وەردەگرێ.
تاڵیبان ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی ڕایگەیاندراوێکدا وتی کە کابینەی نوێی حکومەتەکەی لە بڕیارێکی نوێدا لە خەڵکی ئەفغانستان دە یەک و زەکات وەردەگرن.
پێشتریش بەشێک لە شارۆمەندانی ئەفغانی بەنیسبەت بڕیاری وەرگرتنی زەکات و دە یەک لە خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.
هەر لەو پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارەی تاڵیبان دەربڕی و دەڵێ خەڵکی ئەفغانستان لە بارودۆخی خراپی ئابووری لەنێوان زوڵمی تاڵیبان و قاتوقڕی گیریان کردووە و نووسی کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەفغانستان تەناتەت بژێوی ژیانی ڕۆژانەشیان نییە و بەو شێوەیە لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە دەچەوسێنەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو دەوڵەتانەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا هاوکاری ئەفغانستان بوون، دەبێ لە بواری دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان وەک پێداویستیی تەندروستی و ڕاهێنان هاوکایی ئەو وڵاتە بکەن و لە هەمان کاتیشدا دەبێ گوشار بخەنە سەر تاڵیبان بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو ئەفغانستاندا.
جێی ئاماژەیە کە ڕووخانی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لەلایەن تاڵیبانەوە لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو داڕمان بردووە و خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر دەبن.