بە دەستپێشخەریی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانو پشتگیریو هاوکاریی فێدراسیۆنی کۆمەلە کوردستانییەکان لە وڵاتی دانمارک، بە بۆنەی ١٠ خاکەلێوە، ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوای قازی محەممەدو هاوڕێیانی و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، سمینارێکی سیاسی بۆ کاک حەسەن حاتەمی، ئەندامی ڕێبەریی حیزب، لە شاری کۆپێنهاگ، پایتەختی وڵاتی دانمارک پێکهات.
ئهو سمیناره ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ ی خاکهلێوه بهبهشداریی نوێنەرانی زۆربەی حیزبو ڕێکخراوە کوردستانییەکانو کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچهیهو ئەندامو دۆستانی حیزبی دێموکڕات گیراو بە سەروودی نەتەوایەتیی “ئەی رەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بیدەنگی بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان عەدنان ئاغاجان، سەرۆکی فێدراسیۆنی کۆمەلە کوردستانییەکان، کە نوێنەرایەتی زۆرینەی حیزبو رێکخراو و کۆمەلە کوردییەکانی وڵاتی دانمارک دەکا، بە وتارێک سمینارەکەی کردەوە.
بەڕیز ئاغاجان باسێکی لهسهر کۆماری کوردستان و ئەو ڕۆژە لە مێژووی گەلی کورددا کردو ئاواتی ئهوهی خواست کە لە داهاتوودا هەموو حیزبو ڕیکخراوە کوردستانییەکان، بە یەکگرتووییو هاودەنگی زیاتر ئەو ڕۆژە نەتەوەییو گرینگانەی گەلەکەمان یاد بکەینەوە.
له بڕگهیهکی دیکهی کۆڕیادهکهدا کاک محەممەد زەبیحی، بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ولاتی دانمارک، وێرای بەخێرهێنانی میوانەکانو دەربڕینی پێزانینی خۆیو کومیتەی حیزب بۆ ئەرک وەخۆگری فدراسیۆنی کومەڵە کوردستانییەکانو پشتگیریو هاریکاری بەردەوامیان، کورتەیەک لە ژیانو خەباتی کاک حەسەن حاتەمیی بۆ ئامادە بووان باس کرد.
بە دوای ئەو کاک حەسەن حاتەمی وەک گۆڕگێڕی ئەو سمینارە دەستی بە پێشکەش کردنی باسەکانی خۆی کرد.
کاک حهسهن حاتەمی قسهکانی به بیرهێنانهوهی ١٠ ی خاکهلێوه، ڕۆژی لهداردرانی پێشهوا قازی محهممهد، سهدری قازیو سهیفی قازی دهست پێكردو پهرژایه سهر کهسایهتیی پێشهوا قازی محهممهد.
کاک حهسهن حاتهمی گوتی: لەنێو ئەو سەردارانە دا، کەسێکی بڵێمەتو هەڵکەوتەی وەک: قازی محەممەدی تێدابوو، کە زمانەکانی، ئینگلیسی، رووسی، ئاڵمانی، عەرەبی، تورکی بەهەردووک زاراوەی ئازەریو عوسمانی، فارسیو کوردیی دەزانی وخاون پێگەی ئایینی، کۆمەڵایەتیی، فەرهەنگیو مڵکداری بوو. ئەو کەسایەتییە تێگەیشتوویە، لە ماوەی پتر لە 3 ساڵ کاری سیاسی دا، لە رێگای رێکخراوییو حیزبی بەشێوەی مەدەنی بە هاوبیری کەسانی زاناو ئەوینداری ئازادی و مافی نەتەوایەتی و هاوخەباتی فەرماندەرانی نیزامی لەبەشەکانی دیکەی بەغەدر دابەشکراوی نیشتمان، بەتایبەتی بارزانییەکان، سەرۆک عەشیرە بەهەستەکان، بازارییەکان، رووناکبیران، لاوان، ژنان، زەحمەتێکشانی دێو شار و هەموو چین و توێژەکان، خەونو ئاواتی بە میلیۆن کوردی ماف پێشێلکراوی ڕاگهیاند. ئهو بوو که لە کۆمەڵگەیەکی دواکەتوو و پتر لە ٩٠ % نەخوێندوار و ٨٥ % گوند نشین، لەنێو وڵاتێکی بەفارسی کراو و ناوەند گەرای توند لەژێر تێزی بێڕێزی دەوڵەت نەتەوه، شوناسێکی نەتەوییو سیاسیو جمهوورییەکی کوردی راگەیاند.
ئهندامی ڕێبهریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانله درێژهدا گوتی: ئەو بڕیاره مەزنە کۆماریخوازییە کوردییە لە حاڵێکدا درا، کە هەم لەلایەن سۆڤیەتییەکان مۆدیلی ئازەربایجانی ههڕهشهی لێدهکرا؛ هەم لە لایەن پیشەوەری، سهرۆکی حکوومەتی میللی ئازەربایجان که خوازیاری خودموختاری کوردەکان لەنێو ئازەربایجانی بەشی ئێراندا، بوون. بهڵام جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو هەموو کارە گرینگانە، لە رێگای دیالۆگو دیپڵۆماسی، ئارامیو ئاشتی، بێ زیندانی سیاسیو خوێنرێژی بە ئاکامێکی رێژەیی و زۆر موسبهت گەیشتن. بۆیە بە حەق رێبەری مەزن دکتور قاسملوو لە کتێبی مێژوویی چل ساڵ خەبات دا، دەنووسێ: “پێشەوا قازی محەممەد گوڵێک بوو لە بیابان ڕوابوو.”
ئهندامی ڕێبهریی حیزب له بهشێکی دیکهی وتارهکهیدا به لێکدانهوهی دۆزی کورد له باشوور، باکوورو ڕۆژاوای کوردستان که ههموویان تیشکهیهک له خۆری کۆماری کوردستان وێنا دهکهن، هاته سهر ئهوهی که پێویسته یەکێک لە بەندەکانی وەسیەت نامەی پێشوای مەزن قازی محەممەد کە یەکگرتوویی کوردانەیه، ببێته ئهرکو دهروهستییهک له نێوان ههموو لایهنهکاندا.
حهسهن حاتهمی گوتی ههر بۆیە پێویستە و پێشنیار دەکەین لەبەر گەورەیی کۆمار و لەسێدارەدانی یەکەمین سەرکۆماری مەزنی کوردو هاوڕێیانی بەو تایبەتمەندییانەی گۆشەییەکی چووکیان لێ باس کرا؛ رۆژی ١٠خاکەلێوە بکرێتە رۆژی شەهیدان و نەمرانی هەموو کورد و کوردستان.
بڕگەیەکی دیکە ئەو سمینارە تەرخان کرا بۆ پرسیاری بەشدارانو وڵامی کاک حەسەن حاتەمی، کە لەو بەشەش دا ئامادەبووان زۆر چالاکانە بەشدارییان کردو لە لایەن کاک حەسەنەوە وڵامی پرسیارەکان درانەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارە دا چەندین لەوحەی ڕێزلێنان، لە لایەن بەڕێز خالید ڕەواندووست، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کومیتەی حیزب لە دانمارک، پێشکەشی بنەماڵەی شەهیدان کرا.