چالاکێکی سیاسیی خەڵکی بۆکان بە ناوی “چیا ئاقابەیگپوور” کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیم لەو شارەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، ڕەوانەی کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، چیا ئاقابەیگپوور، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی ڕەحیم خانی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١٨ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.
ناوبراو کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ڕیژیم لە بۆکان دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوازرایەوە و پاش ٤٠ ڕۆژ بەندکران، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو دواجار مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن دادگای بەناو ئینقلابی ڕێژیم لە بۆکان بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم سزای ١٨ مانگ بەندکران، لێدانی ٦٠ قامچی و هەروەها پێبژاردنی بڕی ٣٠ میلیۆن پارەی بە سەردا سەپا.
شایانی باسە کە ناوبراو لەو ماوەیەدا کە دەسبەسەر بووە، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.