سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئێران بە گشتی، دەڵێ: “ڕاستە مافی هاووڵاتییان وەکوو خۆی نەدراوە و پێشێل کراوە بەڵام ئێمە چی بکەین؟”
ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێک لەگەڵ دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاخوند ڕەئیسی وتی: چین و توێژی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەڵێن بە تەواوی مافەکانیان پێشێل دەکرێ، بەڵام من بە تەواوی چین و توێژ و کارمەندانی دەوڵەتی دەڵێم؛ کێشەی نادادپەروەریمان هەیە لە دابەشکردنی مافەکاندا و ئێمە ناتوانین هیچ بکەین.
سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لەبارەی هەڵکشانی نرخی کاڵاکانەوە لە ئێران، کابینەکەی خۆی بە سەرکوتوو زانی، لە حاڵێکدا زۆربەی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی دۆخی نالەباری ژیانی هاووڵاتییان، مامۆستایان و کارمەندانی دەوڵەت لە کابینەی ڕەئیسی سەری هەڵداوە و چینی هەژار و کرێکاریش لەژێر سێبەری دەوڵەتی ناوبراو لە دۆخێکی مەترسیداردا دەژین و ماوەیەکی زۆرە کە مووچەیان وەرنەگرتووە و ناڕەزایەتیش دەردەبڕن، بەڵام هیچ کەس وڵامیان ناداتەوە.